جارێكی دیكە هاوپەیمانان نیگەرانییەكان لەبارەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە دەگەیەننە بەرپرسانی هەرێم

پەرەگراف
جارێكی دیكە هاوپەیمانان نیگەرانی و ڕەخنەكانی خۆیان لەبارەی سستی و لەمپەرەكانی بەردەم یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگەیەننە بەرپرسانی هەرێم. سەرۆكی هەرێمیش دان بەوەدا دەنێت پرۆسەكە وەكوو ئەوەی بەرنامەی بۆ دانراوە، بەڕێوە نەچووە.
بەپێی ڕاپۆرتیێكی بنكۆڵكاریی پەرەگرافـیش كە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاریی وەرگرتووە، هەوڵەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ناكام ماونەتەوە و پارتی و یەكێتی بە جیا و لەژێر چەتری حیزبایەتیدا، خەریكی فراوانكردن و زیادكردنی ژمارەی چەكدارەكانیانن لە دەرەوەی وەزارەت.
ئێوارەی ئەمڕۆ جەنەرال ماتیۆ ماركفارلن، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. گفتوگۆ دەربارەی "پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوە و ڕێكخستنی پێشمەرگە و كێشە و بەربەستەكانی بەردەمی" كراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم "هەردوولا هاوڕا بوون كە پرۆسەی یەكخستن و یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە بۆی دانراوە، وەكوو پێویست بەڕێوە نەچووە".
وەكوو سەرۆكایەتیی هەرێم ئاماژەی پێ كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا "چەندین سەرنج و تێبینی خرانە بەر باس و نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە وێڕای هەموو كێشە و بەربەستەكان، هەموو هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە".
ئەمە چەندەمین جارە هێزەكانی هاوپەیمانان نیگەرانیی خۆیان لەو ڕێگری و لەمپەرانە دەگەیەننە بەرپرسانی هەرێم كە پارتی و یەكێتی لەبەردەم یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دروستیان كردووە.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو هۆشدارییان دا بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەگەر بە یەکگرتوویی پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام نەبێت و وەزارەت دوور نەخرێتەوە لە دەستوەردانی حیزبی و کێشە و ململانێکانی پارتی و یەکێتی، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن.
لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "لەپێناو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، دەبێت پارتی و یەكێتی كۆتایی بە دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بهێنن و دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسییەكاندا، ئەوەی جێبەجێیش كراوە هەڵدەوەشێتەوە".
هەر ئەوكات وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم، هۆشداریی دا بە پارتی و یەكێتی و داوای هەڵگرتنی "هێڵی سوور"ی بەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كرد. وتیشی "هاوپەیمانان تێبینییان لەسەر كەلێنەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە".
* هاوپەیمانان ئاسنی سارد دەکووتن؛ 'لەسەدا یەکیش ئومێد نییە کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتیمانی'
* دابەشکاریی ٥٠ بە ٥٠ لە وەزارەتی پێشمەرگە ناکۆکییەکی نوێ دەخاتە نێوان پارتی و یەکێتی
* هاوپەیمانان بۆ بارزانی: پێشمەرگە بە نەفەسێكی تازە و دامەزراوەیی ڕێك بخرێتەوە
* سەرۆكی هەرێم: پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستن و یەكخستنەوەی پێشمەرگە سەر دەخەین
* ئەمەریکا پێشنیاری نوێ دەداتە پارتی و یەکێتی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
* وەزیری پێشمەرگەو باڵیۆزی ئەمەریكا ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازیی تاوتوێ دەكەن
* نێچیرڤان بارزانی: دەبێت پارتی و یەكێتی دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن
* وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم هۆشداری دەدات