نێچیرڤان بارزانی دەڵێت یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خاوەو وەک ئەوە نییە کە دەیانەوێت
پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی دانبەوەدا دەنێت کە پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگەو یەکخستنەوەی هێزەکان لە ئاست تموحی ئەوان و هێزەکانی هاوپەیمانانیشدا نییە، بەڵام دەڵێت ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیەو نابێت هاوپەیمانان بێئومێد بکەن.
سەرۆکی هەرێم لەکاتی بەشداریکردن لە مەراسیمی دەرچوونی ئەفسەرانی ٢٩هەمین خولی کۆلێژی سەربازیی دووی زاخۆ، سوپاسی ئەمەریکاو هاوپەیمانانی کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەو یەکخستنەوەی هێزەکان، وتی "ئەم پڕۆسەیە نە وەک ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت نە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت(هاوپەیمانان) لە ئاست تموحی ئێمەدا نییە، کێشە هەن و هێواش بەڕێوەدەچێت".
"پێویستە ئێمە هەمو لایەک کارێکی جددی بکەین و ئەم پڕۆسەیە سەربخەین و نابێت دۆست و هاوپەیمانەکانمان کە کار بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکەن بێئومێد بکەین" نێچیرڤان بارزانی وای وت، وتیشی "پەیامم بۆ هاوپەیمانان ئەوەیە کە ڕاستە پڕۆسەکە هێواش بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان تا یەک هێزی نیشتیمانی هەبێت لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە".
لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2022، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بەهۆی ئەو لەمپەرانەی لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە لەبەردەم پرۆسەی "ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوە"ـی هێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكرا و ئەمریكا و هاوپەیمانانیشی نیگەران كردبوو، وازی لە پۆستەكەی هێنا. دواتریش یەكێتی و پارتی نەیانتوانی لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكبكەون.
دواتر هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییان دا بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەگەر بە یەکگرتوویی پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوام نەبێت و وەزارەت دوورنەخرێتەوە لە دەستتێوەردانی حیزبی و کێشە و ململانێکانی پارتی و یەکێتی، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن.
دواجاریش لەژێر فشارى ئەمریکا و مەترسیى بڕینى هاوکارییەکانى پێشمەرگە و کۆتاییهێنان بە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگەدا، پارتى و یەکێتى بە بەڵێنى نەهێشتنى لەمپەرەکان، دواى نزیکەى ساڵێک دوورکەوتنەوە، وەزیرى پێشمەرگەیان بە گەڕانەوە بۆ سەر پۆستەکەى ڕازى کرد. ئەمریكا "دڵخۆشى" خۆى بە گەڕنەوەى شۆڕش ئیسماعیل ڕاگەیاند و وتى "هیوای زۆرمان پێتە بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاكسازی لەناو هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی هێزیكی نیشتمانی".
لێكتێگەشتنی فەرمیی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژوو كراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكی تر نوێ كرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كهموكووڕييهكانى پێشمهرگەیە، لەگەڵ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سهرخستنى پڕۆسهى چاكسازى له وهزارهتى پێشمهرگه و يهكخستنهوهى يهكه و هێزهكانى پێشمهرگه.