دوو بڕیاری نوێ لە حکومەتی عێراقەوە؛ هەمووان پاڵ بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە دەنێن

پەرەگراف
حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دوو بڕیاریدا بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و لابردنی بەربەستەکان کە ئەو پرسە گرێدراوە بە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا دوو مانگ دواکەوتووەو کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی بازاڕ و ژیانی خەڵک هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوەی دەستی کەوتووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د شیاع سودانى، بڕیاردراوە كه كرێی ده‌رهێنانى نه‌وتی هەرێمی کوردستان بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان، كه پێشتر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به 16 دۆلار دیاریكرابوو، به پارەی كاش نه‌درێت و له‌بری ئه‌وه، بڕی نه‌وتى خاویان پێده‌درێت كه هاوتای شایسته داراییه‌كانیانه و كۆمپانیاكان خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن له فرۆشتنى ئه‌و نه‌وته له بازاڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
هەروەها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندى سه‌ره‌تایی داوە له‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كى سێقۆڵى له‌نێوان (حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان - حكومه‌تى فیدراڵى عێراق - كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌كان)، جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره‌ش مه‌رجدارە به ناردنی ڕێککەوتنەکە بۆ لیژنه‌ى ڕاوێژكاریى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ماوه‌ى 48 كاتژمێرى داهاتوودا وه‌ڵامى كۆتایی خۆى بداته‌وه، پاشان ڕێككه‌وتنه‌كه به فه‌رمى بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆى سێقۆڵى پشتڕاست ده‌كاته‌وه
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆژى چوارشه‌ممه، 10ى ئه‌یلوول، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی تاوتوێ کرد‌و ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و كۆمپانیا نه‌وتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار ده‌كات بۆ ته‌واوكردنى ڕێككه‌وتنێكى سێقۆڵى، كه ڕێگه به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له ڕێگه‌ى كۆمپانیاى سۆمۆى فیدراڵیه‌وه بدات و داهاته‌كه‌شی بخرێته خه‌زێنه‌ى فیدراڵیه‌وه.
حکومەتی هەرێم وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانى ڕاسپارد بۆ چڕكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ی گرێبه‌سته هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و لابردنى ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنی نەوت.
سۆمۆ ته‌واوكردنى گرێبه‌سته‌كان پشتڕاست ده‌كاته‌وه
ئەمڕۆ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) ڕایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووەو چاوەڕێی ڕادەستکردنی نەوتن لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
عەلی شەتڕی بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لە ئێستادا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت و تەنها لەناوخۆدا بەکاردێت، هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی یاسای بودجە.
شەتڕی ئەوەش دەخاتەڕوو، حکومەتی هەرێم هێشتا نەوتی ڕادەستی سۆمۆ نەکردووەو لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان پەیوەندیی گرێبەستیی دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری سۆمۆ پێیوایە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان شکۆمەندییە بۆ عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردەکردن بۆ بازاڕی ئەورووپا.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، سەرجەم ئەو كێڵگە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرتبوو، دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە. بەرهەمهێنان لە زۆرینەی كێڵگەكان گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی ئاساییی خۆی.
ناردنی مووچە گرێدراوی نەوتە
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسن لە چاوەڕوانیی هەوالی گەیشتنی مووچەی مانگی حەوتدان لە بەغداوە لە کاتێکدا نیوەی مانگی نۆ تێپەڕیوە، ئەم پرسە گرێدراوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کێشەی مووچەش چارەسەر ببێت.
له ساڵانى ڕابردوودا، حكومه‌تى فیدراڵى به‌شێوه‌یه‌كى پچڕپچڕ پاره‌ى بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناردووه بۆ مووچەو هەرجارەو دواى زنجیرەیەک گفتوگۆ‌و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن، به‌ڵام ناكۆكییه دووباره‌بووهوە‌كان سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنى داهات و كۆنتڕۆڵكردنى هه‌نارده‌ى نه‌وت، به‌رده‌وامن له دروستكردنى نادڵنیایى دارایی بۆ كارمه‌ندانى کەرتی گشتى لە هەرێم.
ڕۆژی 16-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هاتنە ئارای لێكتێگەیشتنێكی نوێی لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەر هەرێم" لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. ڕۆژی دواتریش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنەكەی پەسەند كرد و كردی بە بڕیار.
بەپێى لێكتێگەیشتنەكە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست بكات. دواتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە ناتوانن لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بكەن، بەڵام ئامادەن هەرچەندیان لەبەردەستدا بێت ڕادەستی بكەن.
هەروەها بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینار وەكو پشكی حكومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی پێنج ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ دەكات، بۆ مانگەكانی دواتر بڕی ئەو داهاتە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیارى دەكرێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی توركیا.
دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و جۆری گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، دوو لەمپەری سەرەكیی بەردەم ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بوون لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند كرد و گۆڕانكاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم كرا. بەپێی بڕگە هەمواركراوەكە، لیژنەیەكی تایبەتمەند پێك دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و نەوتەكە لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت، 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەكات، ئەوەش بە ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان بوو، پێتر لە یاساكەدا شەش دۆلار دیاری كرابوو.
ئەو کێشەیەى کە تا ئێستا دیار نییە چارەسەر کراوە یان نا، گرێبەستى کۆمپانیا نەوتییەکانە. ئەو گرێبەستانە لە جۆرى هاوبەشین و کۆمپانیاکان پشکیان لە نەوتى هەرێمدا هەیە، بەڵام عێراق کار بەو جۆرە گرێبەستانە ناکات و چەندین جار ڕەتى کردووەتەوە، هاوکات کۆمپانیاکانیش چەندین جار سووربوونى خۆیان لەسەر ئەو گرێبەستانە ڕاگەیاندووە.
پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکانیش کە بڕەکەى یەک ملیار دۆلارە، لەگەڵ گرەنتیکردنى پێدانى شایستە داراییەکانیان بۆ ئێستا و داهاتوو، دوو داواکاریى دیکەى ئەو کۆمپانیایانەیە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، کە هێشتا دیار نییە ئەمانەش چارەسەر کرابن.