
پەرەگراف
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە كە دراونەتە پاڵ دژەتیرۆری یەكێتی و دەڵێت "ئێمە دڵسۆزی و پاڵپشتیی هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) لە ڕۆژانی سەختی خەباتی ڕۆژئاوا لە یاد ناکەین و لە ڕۆژی بەئامانجگرتنەكەشدا لەگەڵمان بوون".
مەزڵووم عەبدی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا لە تویتەر دەڵێت "هەموو ئەو تۆمەتانە كە ئاڕاستەی ئەو هێزە تێكۆشەرە دەكرێت، بۆ شاردنەوە و چەواشەكردنی ڕاستییەكانن".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشكرای كردووە كە "دوێنێ یەكینەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (YAT) ، لەگەڵ هاوبەشەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شانەیەكی چالاكی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشیان هەڵوەشاندەوە كە ئەركەكەیان دابینكردنی چەك و كەرەستەی سەربازی بوو بۆ شانەكانی ڕێكخراوەكە".
عەبدی جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە دەكاتەوە و دەڵێت "دەمانەوێت ئەو ڕاستییە ڕوون بكەینەوە كە هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) لە ڕۆژی بەئامانجگرتنەكەدا لە فڕۆكەخانی سلێمانی لەگەڵمان بوون".
"ئێمە دڵسۆزی و پاڵپشتیی هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) لە ڕۆژانی سەختی خەباتی ڕۆژئاوا لە یاد ناكەین و لە قورسترین قۆناغدا پشتیوانیی یەكەكانی ئێمەیان دەكرد و هاوشانی ئێمە خەباتیان كردووە"، مەزڵووم عەبدی وا دەڵێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەسخۆشی لە خەڵكی شاری سلێمانی كە "هەڵوێست و كاردانەوەیەكی ڕاستەقینەیان" بەرامبەر بەئامانجگرتنی ئەوان هەبووە و دەڵێت "ئێمە هەر وا خەڵكی سلێمانیمان ناسیوە كە پارێزەری یەكێتیی نیشتمانیی گەلی كوردن و بەرگریكارن لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا".
ئێوارەی ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لە كاتێكدا كە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە پاش سەردانێكی نهێنی و ژمارەیەك كۆبوونەوە لە سلێمانییەوە دەگەڕایەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا فڕۆكەخانەی سلێمانیی كردە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێكی لێ نەكەوتەوە.
* لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا
* سەرچاوەیەكی ئەمنیی بۆ پەرەگراف: ئامانجی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی، مەزڵووم كۆبانی بوو
* پارتی بۆ یەكێتی: باری سلێمانی و خەڵكەكەی لەبەرچاو بگرن و بەردی لە خۆتان گەورەتر هەڵمەگرن
* بافڵ تاڵەبانی: هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانەبن
* مەزڵووم عەبدی: توركیا سێ ئامانجی لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەبوو، شكستی هێنا