نەوتى هەرێمى کوردستان بەرەو ئاستى ئاسایى دەگەڕێتەوە؛ هەرێم و بەغداد لەسەر 'میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت' ڕێككەوتن

13-08-2025 01:38
واژووکردنى ڕێککەوتن لەنێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق ١٣-٠٨-٢٠٢٥

پەرەگراف

بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو ئاستی ئاسایی دەگەڕێتەوە و لە چاوەڕوانیی هەناردەكردنەوەدایە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق "لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕاگەیاند و دەڵێت "ماوەتەوە لەگەڵ توركیا قسە بكرێت و نەوتەكە هەناردە بكرێت".

پاش ئەوەی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان لەلایەن كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن پیترۆلیۆمەوە ڕاگەیەندرا، لە كۆی نۆ كێڵگەی نەوتیی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمیان هەیە، تەنیا یەك كێڵگە بە فەرمی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی تێدا بەردەوامە، ئەوانی دیكە لە بەرهەمهێناندان، هەرچەندە هەندێكیان بەرهەمیان كەمی كردووە.

یادگار سدیق، سەرۆكی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت، بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 215 بۆ 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا".

ڕۆژی چوارشەممە 13-08-2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەسەر ‏میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن.

وەزارەتەكە وێنەی واژووكردنی ڕێككەوتنەكەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "كۆنووسی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن 23 كەسایەتیی ‏شاندی هەردوولا واژوو كراوە، كە 17 ئەندامیان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، كۆبوونەوەكان لە 17ـی تەمووز دەستیان پێ كردووە و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی كێلگە نەوتییەكانی هەرێم ‏كراوە. دوای "هەڵسەنگاندنی كێشەكانی هونەری گفتوگۆیەكی زۆر، لە ١١ـی ئابدا ڕێكەوتن لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانە كراوە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پابەندیی خۆی بە ڕادەستكردنی كۆی بەرهەمی نەوت ڕاگەیاندووە، جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ پێویستیی ‏ناوخۆی هەرێم گل دەدرێتەوە.

"بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ماوەتەوە ئەوەی حكومەتی فیدراڵ ‏لەگەڵ حكومەتی توركیا قسە بكات و پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت‎"، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وا دەڵێت.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، ئێستا لە كێڵگەكانی خورمەڵە، شێخان، ئەترووش، سەرسەنگ، تاوكێ‌، هەولێر، سەرقەڵا و بیجیل، نەوت بەرهەم دەهێنرێت، تەنیا لە كێڵگەی پیشخاپوور هێشتا بەرهەمهێنان دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە.

یادگار سدیق، سەرۆكی ڕێكخراوی ڕوونبین، دەڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیە، كێڵگەی تاوكێ تەنیا چەند ڕۆژێک لە بەرهەمهێنان وەستاوە، ئێستا 20 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، كە پێشتر 29 هەزار بوو، بەڵام فیشخاپوور كە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، هێشتا لە بەرهەمهێنان وەستاوە".

ناوچەی گرێبەستی نەوتیی تاوكێ‌ كە لە دوو كێڵگەی (تاوكێ‌ + فیشخاپوور) پێك دێت، لەلایەن كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجییەوە وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت. پێكەوە لە ڕیزبەندیی دووەمی خاوەن زۆرترین بەرهەمی نەوتی هەرێمدان و بەرهەمی ڕۆژانەی لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە سەروو 82 هەزار بەرمیل.

ئەم دوو کێڵگە نەوتییە لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15ـی بەیانیی 16-07-2025 بە دوو درۆن هێرشیان کرایە سەر و تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی گەوره تێیاندا ڕووی دا.

یادگار سدیق بۆ پەرەگراف دەڵێت "كێڵگەی تاوكێ‌ تانكییەكی كۆگاكردنی (بە هێرشە درۆنییەكان) زیانی بەركەوتووە، بۆیە بەرهەمی كەمی كردووە، بەڵام كێڵگەی فیشخاپوور بە تەواوی لە بەرهەمهێنان وەستاوە، چونكە یەكەی بەرهەمهێنانی زیانی بەركەوتووە".

پێشتریش كۆمپانیای شاماران كە وەبەرهێنان لە دوو كێڵگە ئەترووش و سەرسەنگ دەكات، بەهۆی هێرشەكانەوە بەرهەمهێنانی ڕاگرتبوو، ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە دەستی پێ كردەوە، بەڵام ڕایگەیاند کێڵگەی سەرسەنگ تا كۆتایی مانگی 10، نیوەی توانای پێشووی نەوت بەرهەم دەهێنێت، كە پێشتر بەرهەمی ڕۆژانەی نزیكەی 30 هەزار بەرمیل بووە.

بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان بەرهەمهێنانیان تێدا ڕانەگیرابوو، بەتایبەت خورمەڵە کە بەرهەمی ڕۆژانەی 90 هەزار بەرمیلە و هەر خۆی نزیکەی سێیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنێت.

لە شەوی 14-07-2025، بۆ یەكەم جار هێرشی درۆنی كرایە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. هێرشەكان بەردەوام بوون و لە ماوەی سێ ڕۆژدا كۆمپانیاكانی ناچار بە ڕاگرتنی نزیكەی دوو لەسەر سێی بەرهەمهێنانی نەوت كرد و لە 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 112 هەزار دایبەزاند.

ئێستا کێڵگەی فیشخاپوور بە توانای نزیکەی 55 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە لە بەرهەمهێنان وەستاوە، کێڵگەی سەرسەنگ بەرهەمی 15 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، کێڵگەی تاوکێ نزیکەی 10 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی کەم کردووەتەوە، بەوەش بەرهەمی نەوتی هەرێم نزیکەی 80 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمی کردووە و بۆ 220 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

دوای لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق، كە ناوەرۆكەكەی لە 17-07-2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا و بوو بە بڕیار، هێرشە درۆنییەكانیش بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ڕاگیران.

بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە 50 هەزار بەرمیل كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی هەرێمە، دەبێت هەموو نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات و لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە دەست بە هەناردەكردنی بكرێتەوە.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی توركیا.

دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و جۆری گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، دوو لەمپەری سەرەكیی بەردەم ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بوون لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند كرد و گۆڕانكاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم كرا. بەپێی بڕگە هەمواركراوەكە، لیژنەیەكی تایبەتمەند پێك دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و نەوتەكە لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت، 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەكات، ئەوەش بە ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان بوو، پێتر لە یاساكەدا شەش دۆلار دیاری كرابوو.

ئەو کێشەیەى کە تا ئێستا دیار نییە چارەسەر کراوە یان نا، گرێبەستى کۆمپانیا نەوتییەکانە. ئەو گرێبەستانە لە جۆرى هاوبەشین و کۆمپانیاکان پشکیان لە نەوتى هەرێمدا هەیە، بەڵام عێراق کار بەو جۆرە گرێبەستانە ناکات و چەندین جار ڕەتى کردووەتەوە، هاوکات کۆمپانیاکانیش چەندین جار سووربوونى خۆیان لەسەر ئەو گرێبەستانە ڕاگەیاندووە.

پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکانیش کە بڕەکەى یەک ملیار دۆلارە، لەگەڵ گرەنتیکردنى پێدانى شایستە داراییەکانیان بۆ ئێستا و داهاتوو، دوو داواکاریى دیکەى ئەو کۆمپانیایانەیە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، کە هێشتا دیار نییە ئەمانەش چارەسەر کرابن.

سەربارى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغداد، ئەوە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانە کە گرەنتیى دستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت دەکات.